مەیلی رەوایی و چێژێکی بریندار؛ «خولیای گێڕانەوه له «ئەو باڵنده برینداره که منم»
محەمەد رەجیمیان
«هەبوون واته هەبوونێکی روو به مەرگ»(۱)ئەمه مەعریفەی«هایدێگێر»ه سەبارەت به هەبوون. که وابێ هەموو هەبوونێک به مەرگ پێناسه دەکرێ و مەرگ دەوامی مەنتقی هەبوونه. له رستەکەی «هایدێگر»دا وشەی «روو به. . .»داکۆکیەکه له سەر«بزاڤ». بزاڤێک که هەر چەشنه هەبوونێک به مەرگ دەبەستێتەوه. لەم پێناسەیەدا بزاڤ گرینگایەتیەکی ماهیەتی هەیه. دیاره هەر بزاڤێک راستەوخۆ به «زەمان» بەستراوه و بەم پێیەش «زەمان» ماهییەتی هەبوونه. واته هیچ هەبوونێک له دەرەوەی زەمان ناگونجێ. یان هەر هەبوونێک له زەماندا دەس پێ دەکا و له کاتێکی تایبەتیشدا کۆتایی پێ دێ.
«پۆل ریکۆر» به دابەش کردنی زەمان به دوو بەشی «زەمانی تاکەکەسی(زبڵان شخڵی)» و «زەمانی تێکڕایی زبانی(زبان همگانی زبانی)» پێداگری له سەر «زەمانی ئینسانی» (۲) دەکات. لای ئەو زەمانی تاکەکەسی هەر ئەو زەمانه مێژووییەیه که پەیتا پەیتا بەرەو نەمان ئەچێ و هەبوون(هستی) له گەڵ خۆی رائەماڵێ. با بلێین زەمان وەک کات. کاتێک که بەرەو کۆتایی ئەچێ و هەر هەبوونێک رووبەرووی نەمان دەکاتەوه. لەم شێوه زەمانیەدا، هەر هەبونێک کاتی تایبەتی خۆی هەیه و که کۆتایی پێ هات ئەو هەبوونەش له ناو دەچێ.
مەبەستیی«ریکۆر» له «زەمانی تێکڕایی زبانی»زەمانێکی هەموانی و نامێژوویی و بێکۆتاییه که هەر هەبوونێک بەم زەمانه بەسترابێت نەمر و بەردەوامه. ئەم زەمانه، زەمانێکه که له زباندا دەگونجێ و به هۆی زبان دەگێڕدرێتەوه، بۆیه کۆتایی پێ نایه. له لایەکەوه هەر هەبوونێک به بوونێکی زبانی قەواره بگرێ نافەوتێ چونکوو زەمانێکی نەفەوتاوی وەبەر کەوتوه. کە وا بێ ئەکرێ دوو جۆره هەبوون له بەر چاو بگرین:«هەبوونی زەمانی»، «هەبوونی زبانی». هەبوونی زەمانی بە هۆی زاتی زەمان رووی له نەمانه بەڵام هەبوونی زبانی به بۆنەی داڵدەیەک وەک زبان، له مەرگ و لەو «هەبوونه هایدێگێر»یه که سەرتا باسی کرا، رزگار دەبێ.
هەبوونی زبانی به مانای نەفی کردن و سڕینەوەی زەمان لەم شێوه هەبوونه نیه بەڵکوو جیاوازی له چۆنایەتی زەمانی ئەو دوو شێوه هەبوونه(زبانی و زەمانی)یە که جیاوازی دەخاته نێوانیان.
«زەمانی تاکەکەسی» زەمانێکی تێکەڵکراوه که بەسەر سێ کاتی رابردوو و ئێستا و داهاتوو دابەش دەکرێ بەڵام ئەم دابەشکاریه فێڵێکی زبانیه و بوونیکی واقێعی و هەستپێکراوی نیه. به واتایەکیتر هەر هەبوونێک له زەمانی تاکەکەسی دا، هەبوونێکه له ئێستادا(بوون له ئێستادا) که رابردوو و داهاتوو، بایەخێکی چەمکی یۆی هەیه و بوونێکی دەرهەستی و نەژیاوه چونکوو ئەو دەمەی که راتبواردوه کاتی خۆی وەک ئێستایەک هەستت پێکردوه و له لایێترەوه که گەیشتیه ئەو کاته که به داهاتوو ناوی لێ دەبەی، ئیتر داهاتوو نیه و تۆ له ئێستا دای. بۆیه دەڵێین که له زەمانی تاکه کەسی یان مێژووییدا رابردوو و داهاتوو، واقێعی نیه و تەنیا فێڵێکی زبانیه.
«زەمانی تێکڕایی زبانی» به رواڵەت زەمانێکی بێ تێکەڵکاری و ساکاره که به نیسبەت زەمانی تاکەکەسی، زەمانێکی مەجازیه. لەم زەمانەدا رابردوو و ئێستا و داهاتوو له ئێستایەکی رەواییدا دەگێڕدرێتەوه و ئەزموونێکی زەمانیه له پانتای زباندا. له «زەمانی تاکەکەسی»دا رابردوو کۆتایی پێ هاتوه و بوونی نیه. زەمانی ئێستا پەیتا پەیتا رادەبوورێ و له ناو دەچێ و داهاتووش بێوچان وەدوا دەکەوێ. بۆیه تێکەڵاوی رابردوو و ئێستا و داهاتوو له زەمانی تاکەکەسیدا، وا دەچێ بوونێکی واقێعی نەبێ. رابردوو کۆتایی پێ دێ و ئێستا رادەبوورێ و داهاتوویەکیش له گۆڕێدا نیه. بەڵام له «زەمانی تێکڕایی زبانی»ـه که رابردوو به دووپات بوونەوه و داهاتووش وەک ئێستا، هەستی پێ دەکرێ و بوونێکی واقێعیان هەیه و هەستی پێدەکەی.«مارسلپرۆست» دەڵێ:«ئەدەبیات ]وەک بەرهەمێکی زبانی[ شادومانیەکه به هۆی دۆزینەوەی واقێعییەت»(۳).
ئەو پێوەندیه یاسامەنده که له نێوان خەسڵەتەکانی زەمانی تاکەکەسی و زەمانی تێکڕایی زبانی پێکدێ «ریکۆر» ناوی«زەمانی ئینسانی» لێ دەنێ. ئەو زەمانەی که به زبان دەگێڕدرێتەوه واته رەوایەت. بەم پێیه زەمان و زبان دوو توخمی سەرەکین که له پێوەندیەکی دیالکتیکیدا رەوایەت پێک دێنن. واته رەوایەت زەمانێکه که به زبان دەگێردرێتەوه. توخمی زەمان هەبوون دەخاته بەر رەوایەت و توخمی زبان به هۆی ماهیەتی خۆی تەکووزی(نیزام) و مانای پێ دەبەخشێ. رەوایەت بەو هۆیه که له زەمانێکی واقێعی کەڵک وەردەگرێ و لایەنێکی تەکووزمەند و ماناداریشی پێ دەبەخشێ، هەر هەبوونێک بێنێته دی، هەبوونێکی بەردەوامی ئینسانیه نەک دەرهەستی و وەک زەمانێکی متافیزیکی. لەم زەمانه رەواییه(زەمانی ئینسانی به بڕوای ریکۆر)دا زەمان له چەشنی متافیزیکی خۆی لەت لەت دەبێ و دائەبەزێته سەر کەسەکان و دەبێته کاتێکی نەبڕاوەی ئەوان. لێرەدایه که کەس و کات و شوێن، شوناسی پێ دەبەخشرێ. شوناسێک که له زەمانێکی بەردەوامدا و به هەر جار گێڕانەوەیەک به شوناسێکی تازەوه ئەژیتەوه. ژیانێک که له زەمانی تاکەکەسیدا بەشێکی دیاریکراوت بەر دەکەوێ و هەریز دووپات نابێتەوه بۆیه ئەو شوناسه که له زەمانێکی ئاوادا خوڵقا بێ، تێکەڵ به چەمکه فەلسەفی و کۆمەڵناسی و تەنانەت مێژووییەکانیش نابێ و وەک شوناسێکی کاتەکی له ناو دەچێ و هیچی لێ ناخوێدرێتەوه و نابێ به مەعریفه. زەمانی رەوایەتی به هۆی گێڕانەوه له زباندا بێچمێکی تەکووزدار به خۆوه دەگرێ که نیشانەگەلێکی راڤەمەند و مەعریفی لێ دەکەوێتەوه.
زەمانی رەوایی به کۆکاری زەمانی کات و ساتی(زەمانی تاکەکەسی) و زەمانی تێکڕایی، قەوارەیەکی تازه له زەمان دەخولقێنێ که «ریکۆر» به زەمانی ئینسانی دایدەنێ و شاگەشکەی پێ دەکا و سەبارەت بەم دابەشکاریه دەبوورێتەوه. تەوەرەی پرسیاری «ریکۆر» له کتێبی«زەمان و رەوایەت» ئەوەیه که رەوایەت به چ شێوەیێ ها به شوێن دۆزینەوەی چەشنگەلێکی نوێ بۆ دەربڕینی زەمانی ئینسانی و خوڵقاندنی مانا.(۴)
باسی«ریکۆر» دەمانگەیێنێته ئەو ئاکامه که رەوایەت به تەکووزمەند کردنی زەمان و مانا و هەڵکشان له ئاستی زەمانی کاتی و ساتی، پێکهاتەیەکی راڤەهەڵگر دەخوڵقێنێ که شوناس و مەعریفەی لێ دەبێتەوه. له گۆشه نیگایەکی فەلسەفیەوه ئەکرێ بڵێین حەقیقەت ئەوەیه که رەوایەت له زەمانی دەقۆزێت و له قەوارەیەکی تەکووزمەند، شوناسی پێ دەبەخشێ. که وایه مرۆڤ جگه له گێڕانەوەی خۆی چ دەسکەوتێکی له زەمان بەر دەکەوێ و له گەڕان به دوای حەقیقەتدا، بێجگه له گێڕانەوەی خۆی، چ چارێکی هەیه؟ رەوایەت نێوەنجی ئێمه و جیهانه که به بەرهەم هێنانی زەمانی ئینسانی، شوناسێکی خاوەن راڤه به ئێمه و خەسڵەتێکی راڤەهەڵگر به هەبوونی جیهان دەبەخشێ.
ئێستا با بەم بیرۆکه رەواییەوه دابەزینه ناو چیرۆکی«رازی پشت پەردەی نارنجی» وەک یەکەمین بەرهەمی کۆمەڵەچیرۆکی«ئەو باڵنده برینداره کەمنم».
سەرەکیترین کەڵکەڵەی «عەتا نەهایی» لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا شێوی دەربڕینه. بۆیه دەستی داوەته تاقیکاری جۆراوجۆری رەوایەت و دەربڕین له زبانی چیرۆکی کوردیدا.
ئـ) چیرۆک به وشەی«ئەڵێ»وه دەس پێ دەکا و رووداوێک که له لایان چیرۆکنووسێکەوه که مامۆستای قوتابی دێیەکەیه و له نهۆمی سەرەوەی ماڵی پیرەژنێک ئەژی، ئەگێڕدرێتەوه. رووداوەکه سەبارەت به چۆنیەتی نووسینی چیروکێکه که سەر ناگرێ، بەڵلام بۆخۆی دەبێته چیروکێکی تازه.
چیرۆک له لایان دوو بگێڕەوه دەگێڕدرێتەوه: بگێڕی بێلایەن(سێهەم کەس) – بگێڕی یەکەم کەسی تاک(کەسی چیرۆک نووسی ناو چیرۆکەکه). دیاره له هەر چەشنه رەوایەتێکدا، مەودایەکی رەوایی له نێوان بگێڕ و رووداو و بەردەنگدا هەیه که رەوایی بوونی رەوایەت به راگرتنی ئەو مەودایه بەستراوه. ئەم مەودا رەواییه لەم چیرۆکەدا به شێوەیەکی فەننی و هونەری راگیراوه. یەکەم کەسی تاک روداوەکه بۆ بگێڕی بێلایەن ئەگێڕێ و ئەویش بۆ ئێمەی دەگێڕێتەوه. بگێڕی بێلایەن نێوەنجی ئێمه و چیرۆکنووسی ناو چیرۆکەکەیه و ئەویش نێوەنجی بگێڕی بێلایەن و رووداوەکەیه. بگێڕی بێلایەن هیچ نازانێ جگه لەوەی که سێهەم کەسی تاک(کەسی ناوچیرۆکەکه) وەک بیرەوەری خۆی بۆی دەگێڕێتەوه. بەم چەشنه و به شێوەیەکی ناراستەوخۆ زانایی ئەو بگێڕه بێلایەنه ـ وەک بگێڕی هەموو شتزان ـ تووشی داڕمان دەبێ و ئەو شان و شکۆیه که تا ئێستا چیرۆک بۆ بگێڕی هەموو شتزانی دادەنا، دادەرووخێ. ئەمه بێجگه لەوەی که هێمایەکی هونەریه له داڕمانی فەرارەوایەتەکان له باری فەلسەفیەوه، ئاماژەیشه بەوه که له گێڕانەوەدا هیچ شتێک له سەرووی رەوایەت بوونێکی سەربەخۆی نیه. ئەوه رەوایەته که بوون ئەخاته بەر داڕشت و کەسەکانی چیرۆک و تەنانەت بگێڕی بێلایەن و هەمووشتزانیش. واته هەموو شتێ به گێڕانەوه بەستراوه و له جیهانێکی رەواییدا هیچ لایەنێک ناکەوێته ئەو پەڕی رەوایەتەوه. ئەمەش به مانای ئەوە نیه که رەوایەت به تێکشکاندنی فەرارەوایەتێک شوێنێکی چەق بەستووی فەرارەوایی تر بۆ خۆی داگیر بکات، بەڵکوو رەوایەت به هۆی خەسڵەتی سەییالی خۆی بۆ خۆیشی دەرووخێێی و پێش به هەر جۆره چەق بەستنێک دەگرێت.
ب) رەوایەتی «رازی پشت پەردەی نارنجی» له چەندین زەمانی رەوایەتی پێکهاتوه که بریتین له:
۱- کاتی رابردوو که رووداوەکه لەو کاتەدا رووی داوه.
۲-کاتی ئێستا که سێهەم کەسی تاک رابردوو بۆ بگێڕی بێلایەن دەگێڕێتەوه.
۳- کاتی ئێستا که بگێڕ له لایان خۆی و سێهەم کەسی تاک، رابردوومان بۆ دەگێڕێتەوه.
۴- کاتی ئێستای رووداوەکه که له رابردوو ڕا دەگوێزرێته ناو ئێستای گێڕانەوه.
۵-کاتێک که رەوایەتی هەر دوو بگێڕەکه یەکانگیر دەبن و وەک ئێستای رابردوو، رەوایەت دەکرێن.
ئەم پێنج زەمانه تەنیا له زەمانێکی تێکەڵاوی رەوایەتی پێک دێ و دیاره زەمانێکی خەتتی و کات و ساتی دەرەقەتی ئەم تێکەڵاویه و دەستەبەر کردنی نایه.
له زەمانی ژماره ۱ دا باسی رابردوو ئەکرێ که بۆ خۆی ئێستای رابردوویەکه. واته ئەو ئێستایه که رابردوویەکی له پشته. چیرۆکنووس(کەسی ناو چیرۆکەکه) ئێستایەک بۆ بگێڕی
بێلایەن دەگێردرێتەوه که له درزی پەنجێرە و له پشتی پەردەی نارنجیەوه چاوی لێ بوه. ئەم بەشه له گێڕانەوەکه به وشەی «ئەڵێ»وه دەس پێ دەکا و له ۲۰ پاژ پێکهاتوه. هەر پاژێک بەشێک له رووداوەکه له پشت پەنجێرەوه ئەگێڕێتەوه تا وەکوو پازلێک، سەرلەبەری رووداوەکه له کاتی کۆ بوونەوەی خەڵک له بەرانبەر پەنجێرەوه تا بەردەباران کردنی ژووری چیرۆکنووس، پێک دێنێ. له هەر بەشێک لەم گێڕانەوەدا ئاگاییەکی تازه به خوێنەر دەدرێ سەبارەت بەوەی که خەڵکی گەڕەک چلۆن به رق و توند و تیژیەوه له بەرانبەر پەنجێرەکە کۆ ببوونەوه و پەیتا پەیتا له زیادبووندا بوون. شێوەی گێڕانەوەی ئەم بەشه دینامیکێکی سەرکەوتووی رەوایەتی هەیه که گەرچی سەبارەت به رابردوووه و له لایەکیشەوه مەودایەکی رەوایی له نێوان ئێمه و رووداوەکەدا هەیه، بەڵام کەش و هەواکه وردەورده پێکدێ هەر وەک چۆن له زەینی چیرۆک نوسێکی ئاسایی کەشوهەوا و بارودۆخی رووداوەکان و داڕشت و کەسەکان قەواره دەگرێ. وەک چۆن بڵێی ئێمەی خوێنەریش له درزی پەنجێرەکەوه به دڵەکوتێوه چاومان لەو کۆبوونەوه سەرسووڕ هێنەره بێتن. بەم شێوه له گەڵ ئیماژێکی رەوایی روبەروو دەبین که هەم چێژی رەواییمان پێ دەبەخشێ و هەم سوبژە و زەیینیەتی چیرۆکنوسێکمان لێ دەبێته ئابژه و شتێکی عەینی و بەرەچاوی.
چیرۆکنووس(کەسی ناو چیرۆکەکه) هەم ئێستای ئەو رابردوەمان بو دەگێڕێ و هەم له بەشێک لەو ئاگاییانه که پاش سووتانی دەفتەری چیرۆک و ماڵەکەی پیرێژن، تێگەیشتوه، ئاگامان دەکاتەوه. واته له لایەکەوه ئێستایەکی رابردوومان بۆ دەگێڕێتەوه و له لایەکیشەوه ئەو ئاگاییانەی که سەبارەت به پێشینەی رووداوەکه له داهاتووی رووداوەکه(کاتی پاش رووداوەکه) وەدەسی کەوتوه، بگێڕی بێلایەن تێئەگەیێنێ.
چیرۆکنووس(کەسی ناوچیرۆکەکه)رووداوی رۆژی کۆبوونەوەی خەڵک له پشت پەنجێرەمان بۆ دەگێڕێتەوه بەڵام پێشمان دەڵێ که به چ هۆیەک ئەو رقئەستووریه سەبارەت به پەرده نارنجیە داخراوەکه له دڵی خەڵکدا ریشەی داکوتاوه و ئاخری بەرد و گۆپاڵی داوەته دەستیان(له رابردووی ئەو ئێستایەی خۆی ئاگادارمان دەکا):«دواتر زانیم که ئەو خەڵکه لەو ماوەدا چەنده ئەفسانه و حەقایەتیان دەربارەی ئەو دێوه نارنجیه داناوه و . . . »(ل ۲۶ پاژی ۱۹و ۲۰). سەبارەت به پاش رووداوەکه لێمانی روون ئەکاتەوه که به پێچەوانەی بۆچوونی ئەو، پیرێژن دەستێکی لەو کووبوونەوەی خەڵک و توند و تیژیەدا نەبوه.(له داهاتوی ئەو ئێستایەی خۆی ئاگادارمان ئەکاتەوه):«کاتێک زانیم پیرێژن دەستی له کۆبوونەوەکەی خەڵکدا نییه . . . کاتێک کارەساتەکه . . .کۆتایی هات. . .»(ل۲۴پاژی ۱۷).
بەم چەشنه رابردوو و ئێستا و داهاتووی رووداوێک له تۆی گێڕانەوەیەک له رابردوو لێمان روون ئەبێتەوه و رابردوویەک که به شێوەیەکی واقێعی ئێستا و داهاتووی له خۆیدا پەنگ داوه. خەسڵەتێک که له زەمانی تاکەکەسی یان کات و ساتیدا بوونی نیه.
زەمانی ژماره ۲ ئێستای گێڕانەوەی رووداوەکه یان با بڵێین چیروکەیه که چیرۆکنووس(کەسی ناو چیرۆکەکه) بۆ زانای هەموو شتزان؟ی دەگێڕێت و ئێمەش گوێمان لێیه. ئەم کاته به وشەی «ئەڵێ»وه دەس پێ دەکا. که بگێڕی بێلایەن بینابەین قسەی پێ دەبڕێت و ئەو زانیاریانه که لێی وەرکرتوه بۆ خۆی دەیگێڕێتەوه.
زەمانی ژماره۳ زەمانی گشتی و تەوەرەی چیروکەکەیه که رووداوێکی رابردوومان به شێوەی تێکەڵاوێک له یەکەم کەس و سێهەم کەس، له ئێستادا بۆ دەگێڕێتەۆه.
ژمارەی۴ کاتی رووداوەکەیه که سەبارەت به رووداوەکه ئێستایه و سەبارەت به کاتی گێڕانەوەکه، رابردوه. که له شییکاری زەمانی ژمارە۱ دا ئاماژەمان پێکرد.
ژمارەی۵ کاتێکه که له لاپەڕەی ۲۱ڕا دەس پێ دەکا و زەمانی هەر دوو بگێڕەکه تێکەڵاو دەبن وەک ئێستای رابردوو رەوایەت دەکرێ. لێرەدا مەودای نێوان کاتی گێڕانەوەی رابردوو و ئەو کاتەی که بگێڕ چیرۆەکەکه دەگێڕێتەوه تێک دەچێ. تا ئەو لاپەڕەیه، چیرۆک نووس(کەسی ناو چیرۆکەکه) سەبارەت به ئەو کاته ئەدوا که خەڵک له بەرانبەر پەنجێرەکه کۆ ببونەوه و بگێڕی بێلایەنیـش ماوەی پێش کۆبوونەی خەڵک و رۆژانی پێش کارەساتی ئەگێڕاوه که لەم بەشەدا هەر دوو زەمانەکه دەگەنه کاتی ئێستای چیرۆک و ئەو کاتەی که وەک رابردوویەک بۆ ئێمەی ئەگێڕدرێتەوه:
«خاتوون تێنەگەیی بوو نووسینی چیرۆکی خانمێکی گەنج . . .بۆ ئەبێ خەڵک تووشی چەرمەسەری بکات. لەوه دواش تێنەگەیی بوو. تەنانەت ئەو بەیانیەش که هەموو خەڵکی گەڕەک له بەر درکەی ماڵی پیرێژن کۆ بووبوونەوه».(ل۲۰)پاش ئەم بەشه که بگێڕی بێلایەن دەیگێڕێتەوه، سێ پاژی۱۳و ۱۴و۱۵ له لایان چیرۆکنووس(کەسی ناو چیرۆکەکه)ـەوه دەگێردرێتەوه :
ئەڵێ:«ئەم بێدەنگیەیان بەلامەوه له بێدەنگی بەر له کارەسات ئەچوو. بێدەنگی گورگێک که بەتەما بێ نێچیری غافڵگیر بکا و له دەرفەتێکدا. . .»(پاژی۱۵ل۲۱) لێرەوه بگێڕی چیرۆک قسەی پێ دەبڕێ: «قسەکەی تەواو نەکردبوو که گڕمە و هاڕەیەک بێدەنگیەکەی شکاند.گرمەی تۆپ یان هاڕەی رمانی ماڵێک؟ هیچیان نەبوو دەنگی ترسناکی شکانی پەنجەرەکه بوو. ئەو کاتێک بەمەی زانی که خڕە بەردێکی له ناوڕاستی ژوورەکەدا دی بەرەو پێی خاتوون خولی ئەخوارد. داکەوتنی چەند پارچه شیشەی بیست.. .»(ل۲۱) لەمه بەولاوه چیرۆکنوس و بگێڕی بێلایەن هەر دووکیان یەک زەمان ئەگێڕنەوه که دەبێته ئێستای رابردووی رووداوه که. لێرەدایه که نووسەر(کەسی ناو چیرۆکەکه) و بگێڕی بێلایەن و خوێنەر دەچنه ناخ ئەو زەمانەوه و هەنگاو به هەنگاو تا قەومانی کارەساتەکه له گەڵ رووداوەکه دەچنه پێشێ به داکۆکی له سەر ئەوەی که هێشتا به هۆی فۆرمی رەوایەت، مەودای زەمانی خوێنەر و بگێڕ له گەڵ زەمانی رووداوەکەدا هەر ماوه.
پ) فۆرمی رەوایەت له«رازی پشت پەردەی نارنجی» فۆرمێکی تەنراوەیه که رابردوو و ئێستا و داهاتوویەکی داستانیان بۆ چیرۆک پێکهێناوه:
۱-رەوایەتێک که چیرۆکنووس(کەسی ناو چیرۆکەکه) له ئێستا و رابرددو و پاش رووداوەکه دەیگێڕێتەوه.
۲- رەوایەتێک که بگێڕی بێلایەن سەبارەت به رابردوو و ئێستای رووداوەکه دەیگێڕێتەوه.
۳-رەوایەتێک که بۆ خاتوون گێڕدراوه.
۴ -و رەوایەتێک که بۆ خاتوون نەگێردراوه و ئێستا سالەها پاش مەرگی خاتوون دەگێردرێتەوه:
ئەڵێ:«پاژی ۱». ئەڵێ:«پاژی ۲». ئەڵێ:«پاژی۳». ئەڵێ:«پاژی۴».ئەڵێ:«پاژی۵».
«ئەمانه به من ئەڵێ و ساڵانێک بەر له ئێستاش ئەمانەی به خاتوون کوتبوو. خانمی گەنجی ئەو چیروکه که قەرار بوو بینوسێ. . .»(ل۸تا۱۲) که ئەم فورمه بۆخۆی رەوایەتی رەوایەته و پێ له سەر ئەوه دا ئەگرێ که ئەمەی که ئەیبیستن رەوایەتێکه به هەموو تایبەمەندیەکانی رەوایەتێکی داستانی.
ئەڵێ:«پاژی۶». ئەڵێ:«پاژی۷». ئەڵێ:«پاژی۸». ئەڵێ:«پاژی۹». ساڵانێک بەر له ئەوه ئەمانه به من بڵێ. خاتوون هەر وا له سووچێکی ژوورەکه کز دانیشتبوو. . .(ل۱۳تا۱۶) ئەڵێ:«پاژی۱۰». ئەڵێ:«پاژی۱۱». ئەڵێ:«پاژی۱۲». که ئەانەی کوتبوو موچڕکەی به لەشدا هاتبوو. . . (ل۱۸تا۲۰) ئەڵێ:«پاژی۱۳». ئەڵێ:«پاژی۱۴». ئەڵێ:«پاژی۱۵». قسەکەی تەواو نەکردبوو که گڕمەو هاڕەیەک بێدەنگیەکەی شکاند.گرمەی تۆپ یان هاڕەی رمانی ماڵێک؟ هیچیان نەبوو دەنگی ترسناکی شکانی پەنجەرەکه بوو. ئەو کاتێک بەمەی زانی که خڕە بەردێکی له ناوڕاستی ژوورەکەدا دی بەرەو پێی خاتوون خولی ئەخوارد.داکەوتنی چەند پارچه شیشەی بیست. . .(۲۱تا۲۴) ئەڵێ:«پاژی۱۶». ئەڵێ:«پاژی۱۷». ئەڵێ:«پاژی۱۸». ئەڵێ:«پاژی۱۹». ئەڵێ:«پاژی۲۰». ئەمانه که ئەیڵێ پێشتر به خاتوونی نەگوتبوو. به هیچ کەسێی تریشی نەگوتبوو، جگه له من. ئەویش دوائەوه ساڵەها لەو کارەساته و له مەرگی خاتون تێپەڕیبوو. خاتون دوا ئەوه که به هەموو پلیکانەکاندا داگەڕا، نائومێد و خەمبار چاوەڕوانی نووسینی دواهەم وشەکانی چیرۆکەکەی بوو. . .(ل۲۶تا ۲۸) به راوەستان له سەر فێعلەکانی«ئەیڵێ» وەک دەمکاتی ئێستای ساده و «نەگوتبوو» وەک دەمکاتی رابردووی دوور،«داگەڕا» وەک دەمکاتی رابردووی ساده، بەو ئاکامه ئەگەین که ئەم شێوه رەوایەته تاقیکارییەکی سەرکەوتوانەی زبانی کوردیه بۆ دەربڕینی زەمان و تێکەڵکاری ئەم دەمکاتانه له گەڵ یەک.هەر وەها له لاپەڕەی ۱۳دا : «ساڵانێک بەر لەوه ئەمانه به من بڵێ، خاتووون هەر وا له سووچێکی ژوورەکه کز دانیشتبوو». دیاره ئەم تێکەڵکاریه زەمانێکی تەنراوەی داستانی پێکدێنێ که مەرجی سەرەکی رەوایەتێکی سەییاله که دەمکاتەکانی رابردوو و ئێستا و داهاتوو پێکەوه دەلکێنێ و ئەو زەمانه ئینسانیه که «ریکۆر» داکۆکی له سەر دەکا، چێ دەکات.
ت)«رەوایەت وەنواندنەوەی ئەزموونی مرۆڤه له رەهەنده زبانیەکەیدا».(۵) یەکەمین چیرۆکی کۆمەڵەچیروکی«ئەو باڵندەبرینداره که منم»، وێنەیەکه له چۆنایەتی بێچم گرتنی چیرۆک له زەینی نووسەرێکدا. ئەزموونێکی زێهنی که بێچمێکی زبانی به خۆوه گرتوه. کەسایەتی چیرۆک و داڕشت و رووداوەکانی چۆن له زەینی چیرۆک نوووسێکدا قەواره دەگرێ؟ نووسەر چۆن گیرۆدەی کەسەکانی چیرۆکه کەی دەبێ؟ زەمانی رەوایی و واقێعی چیرۆک چۆن دەبێته واقێعێکی ژیانی نووسەر؟ پێوەندی جیهانی ژیانی چیرۆک نووس و جیهانی چیرۆکەکەی له چ ئاستێکه؟ وڵامی ئەم پرسیارانه له تۆی«رازی پشت پەردەی نارنجی»دایه.
کەش و هەوای چیرۆک کەش و هەوای ئەو کاتانەیه که نووسەرێک خەریکی نووسینی چیرۆک دەبێ. هەموو نووسەرێک له گەڵ داڕشت و کەسەکانی ناو چیرۆکەکەی دەژی. کەسی نوسەری ناو چیرۆکەکه لەو کاتەوه که خاتوون دێته ناو چیرۆکەکەیەوه له گەڵیا دەژی و لەوه سڵ دەکا که خەڵکی لێ تێ بگەن که خانمێکی گەنج له ژوورەکەیدایه. ئەمه ئەو واقعەمان لێ روون دەکاتەوه که کەسی ناو چیرۆک کەسێکی واقێعیه. کەسێک که له زباندا له دایک دەبێ و له زباندا دەژی. «خاتوون له دەلاقەی یەکەم رسته یان یەکەم وشەی ناو چیرۆکەکەیەوه هاتبوه دەر»(ل۸) لێرەوه بوونی خاتوون بوونێکی واقێعیه بۆ نووسەر، به چەشنێک که نووسەر و تەنانەت خەڵکی گەرەکیش دەخاته ژێرئاسەواری بوونی خۆیەوه. بوونێک که تەواو گەرەک دەهەژێنێ.
خاتوون له بوومەلێڵی وەهم و واقێع، بوومەلێڵی خودئاگایی و ناخودئاگایی کەسی نووسەری ناو چیرۆک، خۆی به ژوورەکەیدا دەکات:«بەیانی یەکەم رۆژ ئەو بەیایه بوو که دوا خەوێکی تێر و خۆش به ئاگای بووبۆوه و چاوی هەڵێنابوو. هەوا تازه روون بووبۆوه. رووناکایی له رەنگی نارنجی پەردەی پەنجەرەکه پەڕیبووەوه و ناو ژوورەکەی خوێنی کرد بوو. خوێنی خوێنیش نا شتێکی وەک بڵێسەیی. ئەو له رۆشنایی خوێن و بڵێسەدا خاتوونی دیبوو».(ل۹)
خاتوون ورده ورده له زەینی نووسەر ئەژیتەوه و ئەبێته واقێعێک:«هێشتا هەوڵ و هەراسان بوو. بەڵام له شەوی رابردوو زیاتر گیرۆدەی مەندی و ویقار و جوانی روخسار و بەژن و باڵای خاتوون بوو. . . شاگەشکە یەک دوو هەنگاو لێی نزیک ئەبووەوه، که دەگەییه ناوەراستی ژوورەکه رائەوەستا»(ل۱۱). ترسێک که تەوای گیانی نووسەری داگرتوه ترس له واقێعی بوونی خاتوونه، ترسێکی لێڵ له خودئاگایی. چەنده له بوونی خاتوون دڵنیا ئەبێ زۆرتر دەترسێ: «بزەی به لێویەوه وشک ئەبوو…به پشته دەست چاوەکانی هەڵ ئەگڵۆفت. که دڵنیا ئەبوو ئەترسا».(ل۱۱).
چیرۆک واقێعی هەموو مرۆڤێکه، چیرۆکێک که له پشت پەردەی نارنجیەوه دەس پێدەکا –راز له کوردیدا هەم به مانای نهێنی و هەم به مانای چیرۆک و حەقایەت- و لەوێش کۆتایی پێدێ. چیرۆکی پێوەندی جیهانی دەرەوەی چیرۆک و جیهانی چیرۆک. خەڵکی گەرەک و پیرێژن و خودی نووسەر هێمایەکن له جیهانی بەرهەستی و دەرەوەی چیرۆک و دەفتەرەکەش هێمایەکه له جیهانی چیرۆک که خاتوون- که بڕیار وایه چیرۆکەکەی بنووسرێ-پا دەنێته جیهانی دەرەوەی چیرۆک و بەم شێوەیه چیرۆکێکی تری لێ دەنووسرێ که چی ئەم چیرۆکه تازەیەش له جیهانێکی رەوایی تازه پێکهاتوو، چارەنوسی خاتوونی هەڵاتوو له گوشاری کۆمەڵگایەکی پاوسالار، هەر بەرەوه ئاگر و مەرگ دەبات. دەرچوونی خاتوون له جیهانی چیرۆکەکه نابێته هۆی فەوتانی ئەو جیهانه بەڵکوو ئەوانەی دەرەوەی چیرۆک له گەڵ خۆی پێوەندی دەدا و ئەیانباته ناو چیرۆکەکه به هەڵپەساردراوی له نێوان وەهم و واقێع، لایەنێکی سەییالیان پێ دەبەخشێ.: «پیرێژنێک که . . . خۆی به چیرۆکەکەدا هەڵواسیبوو. له دوا خۆی پیرێژن تەنیا کەسێک بوو که پێیەکی له دەرەوه. . .بوو پێکەی تریشی له ناو چیرۆکەکەدا»(ل۱۵). هەر چی بەرەو کۆتایی چیرۆک ئەرۆین، پەردەی نێوان جیهانی چیرۆک و جیهانی واقێع به شێوەیەکی جوانیناسانه لا ئەچێ و ئەو دوو جیهانه دەبنه یەک جیهان، جیهانێک که به شێوەیەکی وەحشەتناک واقێعیه و خاتوون ئەکا به خۆڵەمێش. ئەمه رازێکی پشت پەردەی نارنجیشه که رازی پێوەندیەکی هونەریمان له نێوان ئەو دوو جیهانه بۆ دەرئەخا.
پەردەی نارنجی، چەندین رازی لێ دەبێتەوه که به جۆرێک که دەکرێ بڵێین ئەم چیرۆکه چیرۆکی رازه. نهێنی خەڵک پەردەکەیه، نهێنی نووسەر خاتوونه، نهنێ پێرێژن درگای داخراوی مامۆستا رەبەنەکەیه و نهێنی دەقیش مەودای نێوانی جیهانی خۆی و جیهانی واقێعه.
چیرۆک که خۆی بگێڕێتەوه چ رازێکی تێدا دەمێنێتەوه؟ هیچ. هەموو چیرۆکێک به خۆ دەربڕینی رەوایی(خود افشایی روایی) خۆی دەر ئەخا. رەوایەت سێحرێکه که به دەربڕینی خۆی له لایەکەوه رازێک چێ دەکا و له لایەکیشەوه خۆی ئاشکرا دەکات. رەوایەت سۆزمانییەکه به رازێکی تێکەڵ به تامەزرۆیی که پێیگەیشتی هەموو رازە چێژاویەکەت لێ دەرئەکەوێ که چی دیسان بۆ پێگەیشتنی دووباره هان دەدرێی. راز و چێژ و مەیل بۆ دووپات کردنەوه. ئەمەیه رازی رەوایەت. رازێک که به هەموو ئەم خەسڵەتانەوه له پشت پەردەی نارنجی –رەنگی گەرما و هەیەجان – کۆ بوەتەوه.
به تێکەڵ بوونی وەهم و واقێع چێرۆک دەبێته رەوایەتێکی بێ کۆتایی. رەنگه هەموو رۆژێ نووسەر بیر له«خاتوون»ێک بکات و بیهێنێته ناو چیرۆکەکەی و ئەو رووداوه سەر له نوێ بخوڵقێنێ.
س) بڵێی پیرێژن نەبووبێته خاتوونێک له نوسەر؟ ئەو کارانەی ماڵی نووسەر که پیرێژن دەیکرد، ئێستا خاتوون بەرێوەی دەبا. کێشەی سەرەکی نووسەر له یەکەم رۆژی پەیدا بوونی خاتوونەوه ڕا هاتووچووی پیرێژنەکه تێکەڵه به رق و تامەزرۆیەکی هەوەئاسا. هاتنی خاتوون جێگای به پیرێژن لێژ کردوه و ئەویش بەو پەڕی لاساریەوه ئەیەوێ سەر بکێشێته ژوورەکه.
بڵێی خەڵک له پشت پەردەی نارنجیدا پێوەندیەکی هەوەسناک له نێوان پیرێژن و مامۆستا رەبەنەکەی کرێنشینی به دی نەکردبێ؟ بۆ پیرێژن وەک کوڕه رەبەنەکەی نهۆمی سەرووی ماڵەکەی له هەڵمەتی خەڵک به سەر ماڵەکەیدا ئەترسێ و پشت درگاکەی به کەلوپەلێ قورس و سووک هەڵئەچنێ؟ نووسەر و پیرێژن بۆ سەلماندنی بێتاوانیان له کەش و هەوایەکی ئوستوورەییدا وەک سیاوەش له نێو ئاگر رەت دەبن ئانجا خەڵک بڵاوه دەکەن. له لایەکەوه خاتوونی تاوانبار(هەستی دۆخی لاوەتی پیرێژن) به هۆی تاوانباری دەسوتێ.
ج) خاتوون وەک هەموو ژنێکی کۆمەڵگای داخنیو به پیاوسالاری، چارەنووسێکی بێ جگه له ئاگر نیه. له قەدەرێکەوه هەڵاتوه بو قەدەرێکی تر. رەنگه داوێکی پساند بێ بەڵام دیلی داوێکیتره. له پشت پەردەی نارنجیدا هاتوه که جیرۆکی خۆی بگێڕێتەوه. ئەم جیرۆکەش هیچ رێیەکی بۆ ڕەرباز کردنی وی بەدی ناکا. چیرۆک چی پێیه بیڵێ بێجگه له واقێعی خاتوون و واقێعی ئەو کچ و ژنانه که یەکەم کەسێکن که بڵێسەی ئاگرەکه ئەبینن.
ژن و ئاگر بابەتێکی تازەی چیرۆک نووسی کورد نین، بەڵام شێوەی رووبەروو بوون له گەڵ ئەم بابەته له «رازی پشت پەردەی نارنجی»دا بوەته هۆی رەوایەت و وەنواندنەوەیەکی نوێی ئەم بابەته. رەوایەتێک که به تەکووزمەند کردنی زەمان له زباندا، مانایەکی نوێ دادێنێ و شووناسێکی جوانیناسانه به خاتوون و کۆمەڵگاکەی دەبەخشێ.
چ) پەردەی نارنجی ئاڵای شۆڕشێکی هەیەجانیه، قژمو قاڵ و شێوەی رووبەروو بوونەوەی خەڵک له گەڵ پەنجێره داخراوەکه و ئەم دێڕانه سەبارەت به پەردەکه(وەک ئاڵای خوێن و ئاگر):«رەنگی نارنجی پەردەی پەنجەرەکه پەڕیبووەوه و ناو ژوورەکەی خوێنی کرد بوو».(ل۹) « پەردەی نارنجی له بەر تیشکی خۆره تاود ا وەک بڵێسەی ئاگرێکی گەوره. . .ئەشەکایەوه»(ل۲۲) «. . .رازی پشت ئەو پەرده ئاگریه بوو»(ل۲۵) رێگا بۆ راڤەیەکی کۆمەڵناسانەش خۆش دەکا.
«رازی پشت پەردەی نارنجی» چیرۆکی شوڕشێکی ساویلکانه و رەشۆکیه. شۆڕشێک که له سەر شکێکی به ئیمان کراو و نائاگایی و رقەنامووسی خەڵک، بەرێوه دەچێ. ئەو خەڵکەی که هەموو ژیانیان به وەهم تەنراوه و توانستی شیکاری و تێگەیشتنیان لێ قەتیس کراوه. کۆمەڵگایەک که وەهمیان لێ دەبێ به واقێع و تا سنووری شوڕش و تۆڵه و کوشتن و بڕین دەچنه پێشێ و رق و نەفرەته وهمیەکانیان تەنیا به ئاگر دائەمرکێ.
پاش تێگەیین له پووچەڵی پشت پەرده هەر بەو سانایی و وەهمه که کۆ ببوونەوه، بڵاوه دەکەن. بێ ئەوەی که هیچ جۆره شیکاریەکیان سەبارەت به شۆڕش و نهێنیەکانی ببێ، بڵاوه دەکەن و به تەمای راز و وەهمێکی تروه ئەژین.
کەسی نووسەری ناو چیرۆک، وەک رۆشنبیرێکی به ئاگا، تەواوی رازی وەهمەکانی ئەو خەڵکه رەشۆکیه له خۆی کۆ دەکات بەڵام له بەرانبەر وەهمەکانی کۆمەڵگا رەشۆکیەکه تووشی خۆ سانسووری و بێدەنگی دەبێ. هەڵویستی سەبارەت به ئەوان رەفتارێکی خۆ پارێزانەی رەمزاویه و لەم هەڵس و کەوتەشدا دوچاری هەستێکی بەستراو بەو کۆمەڵگایه که پیرێژن هێمایەکه لەم هەسته. هەستێک که به جۆرێکی مووحافزەکارانەوه له هێڕشی کۆمەڵگا دەیپارێزێ.(پیرێژنی دڵسۆز له داڵانه تاریکەکەیدا به هەڵچنینی کەل و پەلی ماڵەکەی ئەیەوێ پێش به پەلاماری خەڵکی بگرێ).
له بارو و دۆخێکی ئاوادا بۆ رەمزاوی مانەوی بنیادی شۆڕشی رەشۆکی، وەهمی رەشۆکیانه به سەر ئاگایی رۆشنبیرانه زاڵ ئەکرێ و هەر چەشنه خوێندنەوه و تێگەیشتنێک به کپی و دڵەراوکێیەکی کوشەندەوه چاوەئەبڕێته سەرگرتن و رووخاندن و کوشتن و پاشان کۆتایی شوڕش.
به تێکڕایی کۆمەڵه چیرۆکی«ئەو باڵنده برینداره که منم»، چیرۆکی رەوایەت و ڤەهاندنه که به شێوەیەکی داهێنەرانه، کۆکه له سەر ئەوەی که هەموو کاتەکانی ژیانی مرۆڤ، رەوایەتێکه که بێ پسانەوه دەس پێئەکا و کۆتایی پێ دێ و ژیانی مرۆڤ هیچ مانایەکی بێجگه له رەوایەت نیه. کۆتایی رەوایەت کۆتایی ژیانه به هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانیەوه.«مەکبێس» له شانۆکەی شێکسپیێردا ئەڵێ«ژیان چیرۆکێکه که ئەبلەیەک دەیگێڕێتەوه، چیرۆکێک لێوانلێو به راز و قین وقژموقاڵ، بەڵام پووچ».
دووهەمین چیرۆک(ئەوباڵندەبرینداره که منم .)خەون و خەیاڵێکی به دی نەهاتوو ئەگێڕێتەوه و تێئەکۆشێ به گێڕانەوه کۆتایی به رەنجێکی هەتایی بێنێ.
«چیرۆکی خوشکی رەحمەت»، دوو رەوایەت سەبارەت به کوژرانی رەحمەت ئەگێڕێته و به هۆی تەکنیکی گیڕانەوه جارێکی تر له سەر دزەی رەوایەت به ناو هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ، پێداگری ئەکا.
«ئێوارەی رۆژی چواردەی مانگ» گێڕانەوەیەکه که بگێڕ به دەم رێگاوه دەیگێڕێت و به گەیشتن به شوێنی رووداوەکه کۆتایی پێ دێ. رابردوو ( بیرەوەری) له گەڵ ئێستادا تێکەڵ دەبێ.
«ئێره ماڵی ئێمەیه» رابردووی گوم بووگ و لێڵی کەسەکان شان به شانی کار و باری گرووپێکی فیلمبەرداری ئەگێڕێتەوه.
«ئەو که ونبوو» گێڕانەوەیەکه به پاداگیری له سەر ئەوەی که رەنگه قەبرستانیش رەوایەتی تایبەتی خۆی بێ.
«رۆژانی وەڕسی» وت وێژێک رەوایەت دەکات. دیاڵۆگێکی به رەوایەت کراو.
«تاسه» زەینی دوو کەس پێکەوه گرێ ئەدا و ئەوەی که کەسی ناو چیرۆک بیری لێ دەکات، ئەیگێڕێتەوه و شەوی بەفری. . . .
سێهەمین کۆمەڵه چیرۆکی«عەتا نەهایی» وەک چیرۆکی رەوایەت، دەچێته خانەی رەوایەتێکی داهێنەرانه و مۆدێرن بەو تایبەتمەندیانەوه که به بێچەوانەی چیروکی کلاسیک، تێئەکۆشێ واقێعی مرۆڤ به بێ لایەن و بێ هەڵویست بگێڕێتەوه و به پارێز له هەر چەشنه سۆز و دروشمێک، قورسایی چیرۆک دەخاته سەر زبان و شێوەی گێڕانەوه و نایەوێ به فەزا و زبانێکی رۆمانتیک و هەستاوی، بەردەنگی خۆی بهاوێته گێژاوی خەڵسەوە. بەڵام سەر دێرێک که وەک ناوی دووهەمین چیرۆک نراوەته سەر ئەم بەرهەمه، گوزارەیەکی تەواو رۆمانتیک و دروشماویه.«ئەو باڵنده برینداره که منم» به شوبهاندنی منی چیرۆک به باڵندەیەکی بریندار، خوێنەر به خەیاڵێکی رۆمانتیکەوه رووبەرووی زبان دەکات. باقی بەرهەمەکانی کاک عەتا بێجگه له«باڵندەکانی دەم با» هەر وا به پێچەوانەی ناوەرۆکەکەیان به گوزارەیەکی دروشمئاسا و رۆمانتیک خۆیان به خوێنەر دەناسێنن: زریکه، تەنگانه، گوڵی شۆڕان و ئێستاش ئەو باڵنده برینداره که منم. دیاره ئەم ناوانه وەک پێناسی بەرهەمەکان، نیشانەگەلێکی مەعتووف به هەست و رەنجن و وەک نیشانەیەکی رەوایەتی نوێ نانوێنن و ناشێ خوێنەر به دیتنی ئەم ناوانه بیر به لای بەرهەمێکی داستانی نوێ بچێ.
زمانی چیرۆکەکانی دواهەمین بەرهەمی نەهایی(ئەو باڵنده برینداره که منم )، به پێچەوانەی شێوه رەوایەتیه سەرکەوتوانەکەی، زبانێکی رەها و هاوتەریب له گەڵ زەرباهەنگی رەوتی داستانەکاندا نیه. رستەگەلێکی شکۆمەند، لەو رستانه که به زبانی رەوایی بارێکی فەلسەفی به خۆوه هەڵگرێ و مەعریفەیەکت پێ ببەخشێ که له ژیانی ئاساییدا به دووپات کردنەوەیان هەسته لێڵەکانت لێ روون بکات و تەمی سەرسامیت لێ بڕەوێنێ یان رووبەرووی لایەنه داشارەوەکانی مرۆڤت بکات، کەمتر به دی دەکرێ. بڵێی ئەمه فرەویستی و داوایەکی نەشیاو له چیرۆک بێ؟
ژێدەر:
۱-بڕوانه: احمدی بایک، هایدگر و تاریخ هستی، مرکز ۱۳۸۱
۲- بڕئانه: پل ریکور، زندگی در دنیای متن، ترجمەی بابک احمدی، مرکز، دوم، ۱۳۷۸
۳-احمدی بایک، ساختار و تأویل متن، مرکز، اول، ۱۳۷۰،ڵ ۱۶۶
۴-زندگی در دنیای متن، ڵ ۷۱
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.